Skip to the content

کۆبونەوەیەکى فراوان لەگەڵ نوێنەرى چەند رێکخراوێکى پێکهاتەکان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ‏07‏/02‏/2021 ، ئەکرەم محەمەد جەمۆ سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بە ئامادەبوونى بەڕێز ئایدن مەعروف وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و بەیاوەرى شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە کۆبونەوەیەکى فراوان لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکان سازکرا.

لە کۆبونەوەکەدا کە نوێنەرى 15 رێکخراو و کۆمەڵە و خانەى تایبەت بە پێکهاتەکان ئامادەى بوون، ئەکرەم جەمۆ سەرۆکى فەرمانگە سوپاسى دەستپێشخەرییەکەى بەڕێز وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکانى کرد بۆ پێشنیازى رێکخستنى دیدارەکە و گوتى ئێمە لە کوردستان شانازى دەکەین کە خاوەنى مێژوویەکى پڕ سەروەرین لە پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان و رۆحیەتێکى بەرز هەیە بۆ پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و لەم پێناوەشدا رێکخراوەکان هەوڵى زۆریانداوە تا کوردستان لە ئاستێکى بەرزتردا بڕوانێتە مافى پێکهاتەکان و قوڵکردنەوەى ڕۆحى یەکترقبوڵکردن و بەیەکەوەژیانى پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکان و فەرمانگەش بەشێک بووە لە ستراتیژى حکومەت بۆ رێکخستن و پاڵپشتى پێکهاتەکان، لەم پێناوەشدا فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان پاڵپشتى ماددى و مەعنەوى ئەو پرۆژانەى کردووە کە تایبەتن بە پێکهاتەکان .

سەرۆکى فەرمانگە گوتیشى لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەماهەنگ دەبین تا ئاستى کارگێڕى و یاسایى رێکخراوە ناوخۆییەکان بەرزبکەینەوە کە لە سێکتەرى پێکهاتە و کەمینە ئاینییەکان چالاکن تا بتوانن پڕۆژەکانیان باشتر و گونجاوتر بەڕێوەببەن و فەرمانگەش لەم سۆنگەیەوە دەبێتە ڕایەڵەى پەیوەندى نێوان رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ئایدن مەعروف وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان گوتی کوردستان زەمینەیەکى گونجاوە بۆ ژیانى پێکهاتەکان، حکومەتى هەرێم پاڵپشت و زەمینەسازى ئەم بەیەکەوەژیانەیە، هەموو جۆرە پاڵپشتیەکى پێکهاتەکان دەکات و رێز لە مافەکانیان دەگرێت و پشتگیرییان دەکات، گوتیشی ئێمە داخوازى و پێداویستییەکانى پێکهاتەکان دەگەیەنێتە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و داکۆکیان لێدەکەین و سوپاسى هەوڵەکانى فەرمانگەى کرد کە رێگەخۆشکەرە بۆ کارکردنى ئەو رێکخراوانەى لە سێکتەرى پێکهاتەکان کاردەکەن.

لەلایەن خۆیەوە شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە گوتى لە کوردستاندا هەردوو یاساى ژمارە (1) ساڵى 2011ی تایبەت بە رێکخراوەکان و یاسى ژمارە (5) ساڵى 2015 تایبەت بە پاراستنى مافى پێکهاتەکان کە دوو یاساى زۆر باشن بەپێى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و رێکخۆشکەرن کە پێکهاتەکان لە چوارچێوەى کارى رێکخراوەیى ئامانجەکانیان بەدى بێنن و داکۆکى لەمافەکانیان بکەن و بەشێوازێکى مەدەنی پارێزگارى لە ژیان و کلتور و زمانیان بکەن، گوتیشی کارکردن و بەرنامەى هاوبەشى پێکهاتەکان کارێکى درێژخایەن و قورسە بەڵام ئەنجامەکەى ستراتیژى و باش دەبێت لەپێناو قازانجى گشتى و کۆمەڵگەیەکى مەدەنى کە ڕەنگدانەوەى سەرجەم پێکهاتە و ڕەنگە جیاوازەکان بێت.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر پاڵپشتى و پێشخستنى زمان و کەلتورى پێکهاتەکان کرا و پێشنیارى دروستکردنى کۆمیتەیەکى تایبەت کرا کە لە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانەوە تۆمار بکرێت تا ببێت بە چەترى پێکهاتەکان و لەڕێگەیەوە کارى هاوبەش و پڕۆژەى هاوبەشى پێکهاتەکان ئەنجامبدرێت.

لە کوردستاندا زیاتر لە 65 رێکخراوى ناحکومیى لە سێکتەرى پێکەوەژیان و لە بوارى ئایین و ئایینزاکانیش زیاتر لە 90 رێکخراو کاردەکەن.