Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١١/٢٩، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕێکخست لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاوی بەڕێوەبەری هەرێمی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
کۆبوونەوەکە لەچوارچێوەی پلانی فەرمانگەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوەکان لەسەر بنەماکانی سێکتەری کارکردن و شوێنی جوگرافی.
لە کۆبوونەوەکە بارزان ئەکرەم مەنتک، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە کاروباری فەرمانگە و ڕێکخراوەکان، لەوانە ڕۆڵی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان  وەکو تاکە لایەنی فەرمیی بەرپرس لە پرۆسەی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان و بەدواداچوونی کار و چالاکییەکانیان، پابەندبوونی ڕێکخراوەکان بە بڕگە و بەندەکانی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ و پەیڕەوی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە ڕێکخراوە ناحکومییەکان، گرنگی هەماهەنگی نێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناوخۆکان کە لە هەمان بوار کار دەکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش و کاراکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوون و هەروەها بەشی پڕۆژەکان کە ئەرکیان هەماهەنگی کردنە لەگەڵ ڕێکخراوەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکی ڕێکخراوەکان. 
لەکۆتاییشدا بوار درا بە ئامادەبووان کە ڕا و سەرنج و پێشنیار و پرسیارەکانیان بخەنە ڕوو و سەرۆکی فەرمانگەش وەڵامی دانەوە.
شایانی باسە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەردەوام دەبێت لەسەر کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە داهاتوودا  لەسەر بنەمای سێکتەر و شوێنی جوگرافی.