Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پڕۆژەیەکی لەشاری هەڵەبجە جێبەجێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شاندێکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەسەرۆکایەتی بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و لە ماوەی هەفتەیەکدا پڕۆژەی( لە هەڵەبجەوە دەست پێدەکەین )یان جێبەجێ کرد.
 
 ئامانج لە پڕۆژەکە دروستکردنی ڕایەڵەیەک بوو لەنێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوەخۆکان لەگەڵ یەکە ئیداری و ڕێکخراوەکانی پارێزگاکە بە مەبەستی بووژاندنەوەی هەموو ئەو سێکتەرانەی کە رێکخراوەکان کاری تێدا دەکەن.
 سەرەتای پڕۆژەکە لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٩/١٩ بە کۆبوونەوەی نێوان فەرمانگە و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە  دەستی پێکرد، کە خودی پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دامودەزگاكان ئامادەبوون بە مەبەستی هەماهەنگی و ئاسانکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
 
 ڕۆژی دووشەممە ڕێکەتی ٢٠٢١/٩/٢٠ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پانێڵێکی ڕێکخست بۆ کۆمەڵێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوەخۆیی کە تیایدا رێکخراوەکان کار و چالاکییەکانی خۆیان باسکرد و گفتۆگۆیەکی کراوەش ئەنجامدرا.
 لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەش، ڕێکخراوە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە کار و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجامدا کە لەو ڕێگەیەوە خزمەتی چەندین سێکەتری جیاوازیان کرد وەکو (پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی، ڕێکخراوەکان، خوێندنی باڵا، ژینگە).
 ئەوە جگە لەوەی شاندی فەرمانگە لەو ماوەیە چەندین ڕێکخراوی پارێزگاکەیان بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی کاری ڕێکخراوەیی لە شارەکە بوون.