Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان واده‌یه‌ك بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتی دارایی دیاری ده‌كات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئاگاداری هەموو ڕێکخراوەکان دەکاتەوە کە وەرگرتنی ڕاپۆرتی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٤/١٢ دەست پێدەکات و دوا وادەش بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٧/٣١ دەبێت.
بۆ کار ئاسانیکردن بۆ ڕێکخراوەکانی پارێزگاکانی دیکە، ستافێکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە پێی خشته‌یه‌ك سەردانی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە دەکات بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتی دارایی ڕێکخراوەکانی لەو پارێزگایانە.
ئەوە لە کاتێکدایه‌ کە ڕێکخراوەکانی ئەو پارێزگایانە دەتوانن بەر لەو ماوەیەی بۆ پارێزگاکانیان دیاریکراوە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەشی فەرمانگە بکەن لە هەولێر.
 پێویستە لەسەر هەموو ڕێکخراوەکان کە ڕاپۆرتێکی دارایی پێشکەش بکەن، تەنانەت ئەگەر داهاتیشیان نەبووبێت، بە جۆرێک کە لەناو ڕاپۆرتەکە ڕوونکردنەوە دەدرێت سەبارەت بەو کار و چاڵاکییانەی کە ڕێکخراوەکە بە خۆبەخشانە ئەنجامیداوە، یاخود هۆکارەکان و ئاستەنگەکانی نەبوونی کار و چاڵاکی دەخرێتە ڕوو. بە پێچەوانەوە لەکاتی پێشکەش نەکردنی ڕاپۆرتی دارایی لە ماوەی دیاریکراودا ئەوا ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی ڕێکارەکانی بڕگە یاساییەکانی یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١١ و پەیڕەوی ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠١١ ی تایبەت بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنەوە.