Skip to the content

کۆمەک و هاوکاریی بە سەر ١٧٤ خێزانی زیانلێکەوتووی شاری هه‌ولێر دابەش کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/٣١، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە مەراسیمێکدا هاوکاریی بەسەر ژمارەیەک خانەوادەی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر دابەش کرد.
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا شاری هەولێر و دەوروبەری دووچاری لافاو بوویەوە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماددی زۆر بەر هاوڵاتیان کەوت، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کەمپینێکی ڕاگەیاند بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، لە ماوەی پشووی سەری ساڵ لیژنەی تایبەتی کەمپینەکە بەردەوام بوون لە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لە ڕێکخراوە کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتییەکان.
 ڕۆژی دووشەممەش لە مەراسیمێکی شایستەدا ئەو کۆمەک و هاوکارییانە بە سەر ١٧٤ خێزانی زیانلێکەوتوو دابەش کران. 
لە مەراسیمەکەدا کە نوێنەری پارێزگاری هەولێر و نوێنەری بەشێک لە ڕێکخراوە بەشداربووەکانی کەمپینەکە بەشداربوون، بەڕێوەبەرى یاسایی فەرمانگە (ئاکۆ حمدامین) بە نوێنەرایەتی سەرۆکی فەرمانگە وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا دەستخۆشی لە پارێزگای هەولێر و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و هەموو ئەو ڕێکخراوانە کرد کە لەو کارەساتە سروشتییە بە هانای زیانلێکەوتووانەوە هاتن.
پاشان سوپاس و پێزانینی فەرمانگە دابەش کرا بەسەر ئەو ڕێکخراوانەی کە بەشداریی ئەو کەمپینەیان کردبوو. مەراسیمەکەش بە دابەشکردنی کۆمەک و هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووان کۆتایی هات كه‌ پێكهاتبوو له‌ پێداویستی ناوماڵ و پاكێجێك خواردن و نه‌وت و  بڕێك پاره‌  .