Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحكومییەکان پڕۆژەیەک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD). لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک ڕێکخراوی کوردستانی، عێراقی و نێودەوڵەتی، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان چاڵاکییەکانی پڕۆژەی(سۆران، لانکەی شۆڕش) ی دەست پێکرد.
 ئامانج لە پڕۆژەکە ناساندنی پێداویستییەکانی ئیدارەکەیە بە ڕێکخراوەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی باشتر بگات بە ناوچەکە.
 لە یەکەم ڕۆژی پڕۆژەکە، لە ڕێکەوتی ٤ ی تەممووزی ۲۰۲۲ڕۆژی یەکشەممە، سێ کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجام دران، سەرەتا ستافی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە سەرۆکایەتی (بارزان ئەکرەم مەنتک) سەرۆکی فەرمانگە لەگەڵ (هەڵگورد شێخ نەجیب) سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی ئیدارەکە کۆبوونەوە. ئامانج لە کۆبوونەوەکە دروستکردنی هەماهەنگی بوو لە نێوان هەردوو لا بۆ ئەنجامدانی کار و چاڵاکییەکانی پڕۆژەکە.
 دواتر لە پانێڵێک، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە بەشداربووەکانی پڕۆژەکە کار و چاڵاکی پلانی خۆیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خستەڕوو.
 لە کۆبوونەوەی سێیەمیش ستافی فەرمانگە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی ئەمجامدا بە مەبەستی گوێگرتن لە کێشە و گیروگرفتەکانی کاری ڕێکخراوەیی لە سنووری ئیدارەکە.
 لە ڕۆژانی دواتریش، ڕێکخراوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ٢٦ چاڵاکی ئەمجامدرا لە چەندین سێکتەری جیاوازی وەکو: ژینگە، گەشت و گوزار، پەرەپێدانی تواناکان، وەرزش، کشتوکاڵ، هاریکاری مرۆیی.
 شایانی ئاماژە پێکردنە، پڕۆژەی (سۆران، لانکەی شۆڕش) لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان چەندین چاڵاکی و پڕۆژەی دیکەش لە ئیدارەکە جێبەجێ دەکات.