Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆمەک و هاوکاری بەسەر (٩٥) خانەوادەی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر دابەش کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٣/١ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆمەک و هاوکاری بەسەر (٩٥) خانەوادەی زیانلێکەوتوو دابەشکرد. ئەمەش وەکو بەشی دووەمی کەمپینی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، کە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دوای لافاوەکەی شاری هەولێر ڕایگەیاند.
هاوکارییەکانیش پێکهاتبوون لە: (سۆبا، 6 بەتانی، 8 دۆشەک، کارتۆنێک خواردن، ١ سێت جل وبەرگ، ٢ پارچە موکێت ٣ بە ٤، ١ سەتل)
دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا شاری هەولێر و دەوربەری دووچاری لافاو بوویەوە و لە ئەنجامدا زیانی گیانی و ماددی زۆر بەر هاووڵاتییان کەوت، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کەمپینێکی ڕاگەیاند بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، ئەوەبوو لەبەشی یەکەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان قەره‌بووی ١٧٤ خێزان کرایەوە.
شایەنی باسە هاوکارییەکان لەلایەن ڕێکخراوە کوردستانی و عێراقی و نێودەوڵەتییەکان ئامادەکرابوون و فەرمانگەی سەرپەرشتی دابەشکردنی دەکات. وە فەرمانگە بەردەوام دەبێت لە کەمپینەکە و لەماوەی داهاتوودا قەرەبووی خانەوادەی زیاتر دەکرێتەوە.