Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ دوو شاندی ئەمەریكی و نەرویجی كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە دوو كۆبونەوەی جیادا لەگەڵ شاندی كۆنسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر و شاندێكی دیپلۆماسی نەرویجدا بابەتەكانی بودجە و نەوت و ئاسایش و پەیوەندییەكانی هەولێر _ بەغدای تاوتوێ کرد.

لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا كە پێنج شەممە 29 ئابی 2019 لە هەولێر بەڕێوەچوو قوباد تاڵەبانی باسی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكەی كرد لە پاش سەرهەڵدانەوەی مەترسی پاشماوەكانی داعش لەناوچە سنورییەكان و پێداگریی كرد لەسەر دەستپێكردنەوەی جێبەجێكردنی مادەی 140 دەستوری عێراق كە تایبەتە بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان.

قوباد تاڵەبانی هەنگاوەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی بۆ شاندە میوانەكان خستەڕوو لە پێناو چارەسەركردنی كێشەكان و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان و درێژەپێدان و گشتاندنی زیاتری چاكسازییەكان و دوا بەرەوپێشچوونەكانی پەیوەندی هەولێر _ بەغدای ڕوونكردەوە.

شاندی کۆنسوڵخانەی ئەمەریكا جگە لە ستیڤ فەیگنی كونسوڵی گشتی، ئەندرۆ لیندز بەرپرسی كاروباری سیاسی و ئابووری کۆنسوڵخانەی لەخۆگرتبوو، شاندە نەرویجییەكەش بە سەرۆكایەتی کنوت لینی نێردەی تایبەتی نەرویج بۆ عێراق و سوریا و بە یاوەری تۆنی ئالێرز باڵیۆزی نەرویج لە بەغدا و رۆر هەگسدال جێگری باڵیۆز و راوێژكاری پێشكەوتووی باڵیۆزخانە بوو.