Skip to the content
Menu

قوباد تاڵەبانی بەشداری پرسەی شەهیدانی گەرمیانی كرد و سەرپەرشتی دوو كۆبوونەوەی كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پرسەی شەهیدانی ئاسایشی گەرمیانی بەسەركردەوەو سەرپەرشتی دوو كۆبوونەوەی لەگەرمیان كرد.

لەمیانەی سەردانێكدا بۆ دەڤەری گەرمیان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ئەمرۆ دوو شەممە ٢ كانونی یەكەمی ٢٠١٩ بەشداریی لە پرسەی شەهیدانی هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەمدواییەی ناحیەی كوڵەجۆ كرد و خێزانەكانی بەسەركردنەوە و ستایشی جوامێری و ئازایەتی و نیشتمانپەروەری كردن.

لەبەشێكیتری سەردانەكەدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری كاروباری پێشمەرگەو د. خەسرەو گوڵ محەمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر و سەلاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وبەرپرسانیتری ئەمنی تاوتوێی قایمتركردنی سنوورەكان و سەنگەرەكانی ھێزەكانی كوردستانی كرد لەسنوورەكان لەپێناو ئامادەباشی بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان بەتایبەت پاش جموجوڵی ئەمدواییەی چەكدارانی داعش وسوپاس و دەستخۆشی تایبەتی گەیاندە هێزە ئەمنییەكان.

هەر لەم سەردانەدا قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لە ئیدارەی گەرمیان لەبارەی باشتركردنی خزمەتگوزارییە تەندروسییەكانی گەرمیان بەئامادەبوونی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و لە سەر داواكاری و پێداویستییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان هەڵوێستەیان كرد و سەرنج و پێشنیارەكانی بەهەند وەرگرتن لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیانی دەڤەرەكە.