Skip to the content
Menu

قوباد تاڵەبانی دیدی خۆی لەبارەی چاكسازییەكانی كوردستان و عێراق خستەڕوو

• جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گەشبینی خۆی دەربارەی پڕۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند: ئێستا هەرێم لە قۆناغی گواستنەوەدایە بەرەو حکومڕانییەکی باشتر.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - جێگری سەرۆکی سەرۆک وەزیران لەمیانەی بەشداریكردنی لە "دیداری ئاشتی و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ئەمڕۆ (١٩ تشرینی دووەمی ٢٠١٩) باسی لەوەکرد پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لەنێوان سەقامگیری و حوکمڕانی و ئیدارەدانی باش، چونکە وڵاتێک حکومڕانییەکی باش و خزمەتگوزاری باشی نەبێت، ئەوا دووچاری ناڕەزایی و ناسەقامگیری دەبێتەوە.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤وە هەرێم ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی دارایی و ئەمنی و سیاسی بووەوە، حکومەت دەستی بەهەنگاوەكانی چاكسازی كرد، بۆ ئەمەش راوێژ بە وڵاتانی رۆژئاوا کرا و هەوڵیانداوە لە ئەزموون و شارەزاییەکانی ئەوان کەڵک وەربگرن بەتایبەت لە بواری چالاككردن و گرنگیدان بە كەرتی تایبەت كە تەواوكەری كەرتی گشتییەو رۆڵی بنەڕەتی لە جومگە گرنگەكاندا دەگێرێت.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە گەشبینە بە داهاتووی کوردستان و ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە دەستی پێ کراوە و ستایشی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی كرد كە لەنێوان سەرۆك وەزیران و جێگر و هەموو تیمی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران هەیە و وتی: گرنگ ئەوەیە تیمی حکومەت بە یەکگرتوویی بەرەنگاری ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە كە دێنە رێگای و بەردەوام بێت لە چاکسازی چونكە پڕۆسەكە هەندێکجار قورس و بەئازارە و ئاستەنگی دێتەبەردەم.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراقیش قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد گۆڕینی سەرۆک وەزیران و حکومەت چارەسەر نین، چونکە کێشەکان لەوە قوڵترن کە بە گۆڕینی کەسەکان چارەسەر بکرێن و پێویستە پێداچوونەوە بە سیستمی حکومڕانی و ئیدارەدانی عێراقدا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا بە بەخشینەوەی پارە بەسەر خەڵکدا سەقامگیری بۆ عێراق ناگێڕێتەوە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی ستراتیژی لەم بوارەدا بنرێت، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵک دابین بکرێت و ژێرخان بەهێز بكرێت بەتایبەت لەبواری پەروەردە و تەندروستی و پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ جێبەجێ بکرێن و چاكسازییەكان تەنها لە شێوەی پارە بەخشینەوەدا نەبن.