Skip to the content
Menu

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێی چاکسازییان لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کرد

• قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و جۆن ویلیكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق تاوتوێی چۆنیەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چاکسازییان کرد لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا و بە تایبەت جەختیان لەسەر چاکسازی ریشەیی کردەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٣ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ لە هەولێر بەڕێوەچوو و باڵیۆزی بەریتانیا بەمەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌ فه‌رمییه‌كانی له‌ عێراق سەردانی قوباد تاڵەبانی كرد، ئەویش لەلای خۆیەوە ڕەوشی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی شیكردەوە و باسی لەوە کرد لە ئێستادا زەمینەیەکی باش هەیە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە وەزارەتی پێـشمەرگەدا بەوپێیەی لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت ئامادەیی باشیان هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم پڕۆسەیە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی هەنگاوەكانی چاکسازی لە کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ و گەشت و گوزار کرد و بە پێویستی زانی بەریتانیا لە بەرەوپێشبردنیدا یارمەتی حکومەتی هەرێم بدات.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و قوباد تاڵەبانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی پیشاندا بۆ یارمەتیدانی سەقامگیری لە عێراق و پاڵپشتیكردنی چاكسازییەكان و رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەپێی دەستور.