Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: هاوڵاتیان مافی خۆیانە داوای خزمەتگوزاری بكەن

• جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر بەردەوامی چاكسازییەكانی حكومەتی ھەرێم و خزمەتكردنی ھاوڵاتیان كردەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ ٢٨ تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، لەھەولێر، پێشوازیی كرد لە د. ئۆلە دیل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی ھاوڕێی، لەدیدارەكەدا وێڕایی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا، تاوتوێی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێم و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و بارودۆخی ئێستای عێراق و رۆژئاڤا-ش كرا.

قوباد تاڵەبانی ئەوەی بۆ شاندی ئەڵمانیا ڕوونكردەوە كە حكومەتی هەرێم جەخت لەسەر بەردەوامی چاكسازی دەكاتەوە. هەروەها باسی لەوەشكرد هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی لەگەڵ بەغدا بگەنە چارەسەری درێژخایەن سەبارەت بە كێشەكان بۆ ئەم ئامانجەش هەنگاوی باش و دڵخۆشكەر هەن.

لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراقیشەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد؛ هاوڵاتیان مافی خۆیانە داوای خزمەتگوزاری و چاكسازی بكەن و چارەسەری ئەمەش تەنها بە حوكمڕانی باش و هەنگاوی دروست دەبێت. هەروەها ئەوەشی ڕوونكردەوە ئۆقرەیی و ئارامی و پاراستنی سیستم لە عێراق خەمی هەرێمی كوردستانەو حكومەتی هەرێم متمانەی ئەوەشی هەیە دۆخی ئێستا بەجێبەجێكردنی خواستی خۆپیشاندەران و پاراستنی بنەماكانی دەوڵەتداری و سیستمی گشتی و جێبەجێكردنی چاكسازییەكانی حكومەتی ئێستای بەغدا كۆتایی بێت.

سەبارەت بە ڕەوشی رۆژئاڤاوە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە، چارەسەری ئاشتیانە بۆ گرفت و ناكۆكییەكان باشترین بژاردەیە.

لە دیدارەکەدا، باربارا وۆلف کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر و سڤین كراوسپی جێگری كونسوڵ ئامادەی بوون.