Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی یەکێتی ئەوروپا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مارتن هوس باڵیۆزی نوێی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ڕەوشی هەرێم و بەغداو ڕۆژئاوای کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، بەخێرهاتنی باڵێوزی نوێی یەکێتی ئەوروپا مارتن هوس_ی کردو لەڕێگەی ئەوەوه داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد رۆڵی زیاتر بگێڕێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس کە تا ئێستا ژمارەیەکیان هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. لەم چوارچێوەیەشدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی نیشاندا وەک ئەرکێکی مرۆیی خزمەتگوزاریی پێشکەش بە ئاوارەکان بکات و داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کرد لەم ڕووەوە هاوکاری پێویست بۆ ئاوارەکان دابین بکەن، چونکە حکومەتی هەرێم لەتوانایدا نییە بەتەنها بەو ئەرکە ڕابگات.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم باسی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدای کرد و جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیە بەپێی دەستور هەموو کێشەکانی لەگەڵ بە‌غدا چارەسەر بکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و داوایکرد یەکێتی ئەوروپا هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چاکسازی و گشتاندنی بۆ سەرجەم سێکتەرەکان.