Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی یۆنان هاوئاهەنگیی ئابووری هەولێر و ئەسینایان تاوتوێكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ھەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی یۆنان لە عێراق كرد و پێكەوە تاوتوێی پەیوەندی سیاسی و ئابووریی نێوان هەردوولا كرا بەتایبەت كەرتەكانی وەبەرهێنان و گەشتیاری و كشتوکاڵ و سیستمی بانکی.

لە دیدارەكەدا لەگەڵ لیۆنیداس کۆنتۆڤۆنیسۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، كە ئەفسیمۆس کۆستۆپۆلۆس کۆنسوڵی یۆنان لە هەولێر، ئامادەی بوو ئەمڕۆ ٣٠ ئەیلوولی ٢٠١٩ هەردوولا دەربارەی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان گفتوگۆیان كرد بەتایبەت پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی، کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵ، سیستمی بانکی و هاندانی وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كاركردن بۆ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی یۆنان لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی وەک رێگەیەکی کاریگەر بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی پشتیوانی و هاوکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆمپانیا و خاوەنکارانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسانی لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.