Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی چینی میللی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانیان تاوتوێكرد

  • جێگری سەرۆك وەزیران داوای لە وڵاتی چین کرد ھاوکار و ھەماھەنگی زیاتری ھەرێم بێت بەتایبەت لەبەرەو پێشچوونی سێکتەری  کشتوکاڵ.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەكشەممە 15 ئەیلولی 2019، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ھەولێر پێشوازیكرد لە نی ڕوچی كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی و لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هاوئاهەنگی زیاتر لە بوارە جیاجیاكان بە تایبەت كشتوكاڵ و پەرەپێدانی ئابووری گفتوگۆیان كرد.

سەبارەت بە رەوشی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، ڕونیكردەوە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم زیاتر سەرقاڵی بەرەنگاربونەوەی قەیرانەكان بووە، بەڵام كابینەی نوێ دەستكراوەترە بۆ خزمەتگوزاری باشتر و گەشەپێدانی ئابوری زیاتر.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەوەشی بۆ كونسوڵی چینی میللی ڕوونكردنەوە كە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر چوون و گرێ كوێرەكانی نێوان هەردوولا لەسەر ڕێگای چارەسەركردنن.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی چین و ھەرێم، قوباد تاڵەبانی داوایكرد پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری چینی میللی برەوی زیاتریان پێ بدرێت بەتایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پەرەپێدانی ئابووری.

لەلای خۆشییەوە كونسوڵی چینی میللی پاڵپشتی خۆی و وڵاتەكەی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم دەربڕی و پیرۆزبایی دەستبەكاربونەوەی لە قوباد تاڵەبانی كرد لە پۆستەكەیدا و باسی لە پەیوەندییەکانی ھەرێم و چین کرد و دەستپێشخەری ورۆڵی سەرۆك مام جەلالی بەرز نرخاند لەم بوارەدا.

كونسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە هەولێر ئەوەشی بۆ قوباد تاڵەبانی ڕوونكردەوە كە بەشی كوردی لە زانكۆی بێجین دەكرێتەوە بۆ ئاشنابوونی هاوڵاتیانی چین بە كلتور و زمانی كوردی و جەختی لەبەردەوامیی هەنگاوەكانی بەرەو پێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی چین و هەرێمی كوردستان كردەوە.