Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی: ھە‌وڵە‌كان بە‌ردە‌وام دە‌بن بۆ بە‌دە‌ستھێنانی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھەرێم

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- جێگری سە‌رۆكی حکومەتی ھە‌رێم رایگە‌یاند: ئە‌ولە‌ویە‌تی حكومە‌تی ھە‌رێم پاراستنی تە‌ندروستی ھاووڵاتیان و‌ دابینكردنی شایستەییە داراییەكانی مووچە‌خۆرانە‌، بۆیە‌ دە‌بێت ھە‌وڵە‌كانمان لە‌وبارە‌یە‌وە‌ درێژە پێ بدە‌ین.‌

رۆژی یە‌ك شە‌ممە‌ ٢٦ نیسانی ٢٠٢٠، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە تەلاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ ھە‌ولێر، لە‌گە‌ڵ ئەندامانی شاندی دانوستانكاری هەرێم لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق كۆبوویە‌وە‌.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا، گفتوگۆ لە‌بارە‌ی دوا پێشھاتە‌كان و دە‌رئە‌نجامە‌كانی دوایین سە‌ردانی وە‌فدی حكومە‌تی ھە‌رێم بۆ بە‌غدا كرا.

لە سە‌رە‌تای كۆبوونە‌وە‌کەدا شاندی دانوستانكار دە‌رئە‌نجامی سەردانەکەیان بۆ بە‌غدا و دۆخی دارایی ئێستای عێراقیان خستە‌ڕوو. شاندەكە ئاماژەیان بەوەدا داهاتی نەوتی عێراق بە رێژەیەکی زۆر دابەزیوە و کورتهێنانێکی زۆر گەورە لە نێوان داهات و خەرجییەکانی حکومەتی فێدرالیدا دروست بووە. باسیان لەوەشکرد بەهۆی ئەم کورتهێنانەوە لە بەغدا فشاری سیاسی هەیە بۆ شكستهێنان بە‌ لێكگە‌یشتنی پێشووی ‌نێوان ھە‌رێم و بە‌غداد.

لە‌ کۆبوونەوەکەدا جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران رایگە‌یاند: ئە‌ولە‌ویە‌تی حکومەت پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و دابینكردنی مووچە‌ی مووچە‌خۆرانە‌، بۆیە‌ ھە‌موو ھە‌وڵێك دە‌دە‌ین و درێژە بە‌ ھە‌وڵە‌كانیشمان دە‌دە‌ین بۆ ئە‌وە‌ی بژێوی خە‌ڵك دابین بكە‌ین و تە‌ندروستییان بپارێزین، هەروەها جەختی كردەوە شكست بە‌و ھە‌وڵانە‌ دەهێنین كە‌ ئامانج لێیان زەوتکردنی ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھاووڵاتیانی ھە‌رێمی كوردستانە‌.

قوباد تاڵە‌بانی راشیگەیاند کە دەبێت بەو پەڕی شەفافییەتەوە بەردەوام لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عیراق.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا جێگری سە‌رۆكی ئەنجومەنی وە‌زیران بە‌ وە‌فدی دانوستانكاری راگە‌یاند:‌ ‌ دە‌بێت بە‌ئاشكرا و بە‌ شێوازێكی شەفافتر زانیارییە‌كان و دوا پێشھاتە‌كان بۆ خە‌ڵكی كوردستان ڕوون بکرێتەوە. ھە‌ر لە‌و چوارچێوە‌یە‌شدا بڕیارە ئە‌مڕۆ شاندی دانوستانكار لە‌گە‌ڵ سە‌رۆكایە‌تیی پە‌رلە‌مانی كوردستان و فراكسیۆنە‌كان كۆببێتە‌وە‌.