Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەهەڵەبجە نەخۆشخانەیەكی بۆ نەخۆشییە گواستراوەكان كردەوە

•جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تاجەگوڵینەی لەسەر گڵکۆی شە‌ھیدان دانا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییە گواستراوەکانی لە هەڵەبجە کردەوە و ستایشی رۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگاكەی كرد لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و داوای كرد بۆ لەمەودواش زیاتر چاوكراوەبن.

لە میانەی بەسەرکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید رۆژی ٢١ نیسانی ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری وەزیرانی تەندروستی د. سامان بەرزنجی و وەزیری رۆشنبیری حەمەی حەمە سەعید، چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكی ئەنجامدا و نەخۆشخانەیەكی لە شارەكەش كردەوە.

دەستپێكی سەردانەكەیدا، قوباد تاڵەبانی گۆڕستانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بەسەرکردەوە و تاجەگوڵینەی لەسەر گڵکۆیان دانا، لەسەر مەزاری شەهیدان جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند ئەمساڵ بەهۆی خۆپارێزییەوە نەتوانراوە یادی كیمیاباران و ئەنفال بەشێوەیەكی شایستە بكرێتەوە، بۆیە بەپێویستی زانیوە یەكەم وێستگەی سەردانەكەی ئارامگای شەهیدە سەربەرزەكان بێت.

پاشان بە ئامادەیی وەزیرانی تەندروستی و رۆشنبیری و پارێزگاری شارەکە ئازاد تۆفیق، نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بە نەخۆشییە گواستراوەکان کردەوە بەناوی "وەفا". ئەم نەخۆشخانەیە لە میانەی رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا لەهەڵەبجە بە هاوکاری و کۆمەکی كەسایەتییەكان؛ ئاسۆ حاجی محمد و حاجی عابد هەورامی و شێخ عزالدین بنیات نراوە و پێداویستییەكانی دابینكراوە.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەو كەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەی كرد كە نەخۆشخانەكەیان پێشكەش بە هەڵەبجەوە كردووە و روونیكردەوە هێشتا كۆرۆنا لە ئێران و توركیا هەر بڵاو دەبێتەوە و لەگەشەكردنە، دۆخی راستەقینەی عێراقیش تا ڕادەیەك نادیارە، بۆیە لە كوردستانیش خۆپارێزی و چاوكراوەیی و پابەندیی بە رێنماییە تەندروستییەكان زۆر پێویستە.

هەر لە سەردانەکەیدا قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە کۆبوویەوە و پێکەوە لەبارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی شارەکە گفتوگۆیان کرد و سوپاسی ئەو لایەنە حكومی و تەندروستیانەی كرد ماندوو بوون لە ئەركی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و لەم پێناوەدا شەونخونییان كێشاوە و داوایكرد بۆ لەمەولاش چاوكراوەتربن چونكە ڤایرۆسەكە هەر ماوە و هێشتا چارەسەری بن بڕ و پێكوتەی لەجیهاندا نەدۆزراوەتەوە.