Skip to the content

ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی قۆناغەکانی پڕۆژەیەکی گەشتیاری ستراتیجی نیشتمانیی دەکرێت

قوباد تاڵەبانی:
• ئاسانكاری بۆ دە‌ستپێكردنی قۆناغە‌كانی پڕۆژە‌ی گە‌شتیاری دوكان بكرێت

• پڕۆژەی گەشتیاری دوكان ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار دەڕەخسێنێت و دە‌بێتە‌ ھۆی گەشەكردنی کەرتی گە‌شتوگوزار و دواتر فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهاتی داراییمان.

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یە‌ك شە‌ممە‌ ٢٠٢٠/٨/٢٣ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەی گەشتیاری دوكان-ی کرد، کە پڕۆژەیەکی گەشتیاری ستراتیجییە‌ و دە‌كە‌وێتە‌ قە‌زای دوكانی سە‌ر بە‌ پارێزگای سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا، كە‌ فاروقی مەلا مستەفا خاوەنی کۆمپانیاکانی فاروق گروپ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشداربوون، گفتووگۆ كرا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەماوەی داهاتوودا دەستبکرێت بە جێبەجێ کردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە نیشتمانییە.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە کرد کە هەر لە قۆناغەکانی سەرەتایی دەستپێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هەلی کار دەڕەخسێنێت و دواتر دەبێتە هۆکاری جموجوڵێکی بازرگانی گەورە لە‌ هەرێمی کوردستان بەگشتی، جگە لەوەش دیمەنێکی گەشتیاری جوان دەبەخشێتە دەڤەرەکە کە ئەمەش ئەچێتە خانەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ گەشەپێکردنی کەرتی گە‌شتو گوزار و دواتر فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهاتی داراییمان.

وتیشی " ئێمە لە حكومە‌تی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە گرنگە سەرپێبخەین کە لەلایەک سوودی راستەوخۆی بۆ هاوڵاتییان دەبێت و لەلایەکی تریش دەبێتە ئامرازێک بۆ گەشەکردن و پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان".

لای خۆیەوە خاوەنی کۆمپانیاکانی فاروق گروپ ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێکردنی پێدانی قەرەبووی دارایی بەو ھاوڵاتییانە‌ی کە زەویەکانییان دەکەوونە چوارچیوەی پلان و سنوری زەوی پڕۆژەکە و دواتریش دەستبکرێت بە پڕۆژەکە.

ھە‌روە‌ھا بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی ئامادەکاری دەستپێکردنی پڕۆژەکە بکەوونە سەرپێ.

دواتر بۆ ‌دە‌ستپێكردنی ئە‌م پڕۆژە‌یە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم و گروپی كۆمپانیاكانی فاروق، بە‌ھاوبە‌شی، كۆمپانیایە‌كی جێبە‌جێكار پێكدھێنن.