Skip to the content

بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، دابان شەدەڵە وەک جێگری به‌رپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومه‌تی هەرێم دەستبەکاربوو

هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دابان شەدەڵە وەک جێگری به‌رپرسی پە‌یوە‌ندییە‌كانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: فەرمانگەی پەیوەندییەکان یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکومەت و وەک سەرۆکایەتیی حکومەت بە تەواوی پاڵپشتی هەنگاوەکانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکەین بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێم لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان.

ڕێوڕەسمەکە کە ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٠٢٠/٨/٩ بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێرای پیرۆزبایی لە دابان شەدەڵە، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ستایشی کار و چالاکییەکانی پێشووی کرد کە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئیسپانیا بوو.

قوباد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا رایگەیاند فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی حکومەت و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و توانیویەتی ببێتە پردێکی باش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و ئێمەش وەک سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی هەنگاو و کارەکانیانین.

جەختیشی کردەوە یەکێک لە ئەولەویاتی حکومەتی هەرێم گرنگیدانە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و پەرەپێدانی ئەم فەرمانگەیە و رێکخستنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، لەوبڕوایە داین کاک سەفین وەک بەرپرس و کاک دابان وەک جێگر پێکەوە دەتوانن هەنگاوی باش لەوبارەیەوە بنێن.

لە ڕێوڕەسمەکەدا سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی دابان شەدەڵەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەڕێزیان ئەزمونێکی باشی لە پرسی پەیوەندییەکان هەیە، بۆیە گەشبینین پێکەوە بتوانین کارەکانی فەرمانگە بە باشی راپەڕێنین.