Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی ماستە‌رپلان و جێبە‌جێكاری پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست كۆبووە‌وە

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران:
• پڕۆژەی سلێمانی نوێ پڕۆژەیەکی ستراتیژییە‌ و ژمارەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.

• هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و دارایی و کارگێڕی دەکەین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی سلێمانی نوێ.

ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٢٤ ئابی ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە ‌ئامادە‌بوونی سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لە‌گە‌ڵ لیژنەی ماستە‌رپلان و پڕۆژەی سلێمانی نوێ كە‌ بە‌ پڕۆژە‌ی سلێمانی بیست بیست ناسراوە‌، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆکرا لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی‌ پڕۆژەکە و پلانەکانی شارەوانیی سلێمانی بۆ خێراترکردنی جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی ئەو پڕۆژەیە تاوتوێ کرا.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداویستییەکانی جێبەجێ کردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بە خێرایی دابین بکرێن و هەموو ئاسانکارییەکیش بۆ ڕاییکردنی رێکارە یاسایی و دارایی و کارگێڕییەکان بكرێت و خاوەنی ئەو زەوییانەش کە دە‌كە‌ونە‌ سنوری پڕۆژەکەوە قەرەبوو بکرێنەوە.

قوباد تاڵەبانی داوای لە دامودەزگا حکومییەکان کرد هاوکار و هەماهەنگ بن لەگەڵ شارەوانیی سلێمانی و لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بۆ ئەوەی قۆناغەکانی داهاتوو ئاسانتر و خێراتر جێبەجێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم پڕۆژەیە ستراتیژییە و لە چوارچیوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێم دایە و جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی زیاتر دەکات و جگە‌ لە‌وە‌ش ژمارە‌یە‌كی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت.

پڕۆژەی سلێمانی بیست بیست چەند شارێکی نیشتەجێبوون و چەند کارگەیەک و ناوچەی پیشەسازی و گەنجینەکان و عە‌لوە‌ی سلێمانی و چە‌ند خوێندنگە ‌و نە‌خۆشخانە‌یە‌كیش لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری ٢٢٠٠٠ دۆنم دروست دەکرێت، ئامانجیشی رێکخستنەوەی ماستەرپلانی شاری سلێمانی و رەخساندنی
ژمارەیەکی زۆر هەلی کار و بەهێزکردنی بواری بازرگانی و لۆجستییە کە بە هاوبەشی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت.