Skip to the content

وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ 2020/12/11 لە بەغدا لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر کۆبووەوە.

نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستە‌ی سیاسیی رەوتی سەدر جەختیکردەوە سامانی عێراق هی هەموو عێراقییەکانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەروەها پشتیوانی خۆییان بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و دەستورییانەی کێشەکان دەربڕی کە لە بەرژەوەندیی هەموواندا بێت و ببێتە هۆی بەدیهێنانی دادپەروەری.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە مەبەستیانە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدرال بەهێزتر بکەن و چارەسەری دەستوریی بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزنەوە، هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی پیشاندا كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرچووە.

لە كۆتایی کۆبونەوەکەدا، هەردوولا لەسەر جێبەجێکردنی ماددە‌كانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە‌پێناو چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌ داراییە‌كانی کۆک بوون.