Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و کۆنسوڵی چین تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایان كرد

• جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران هاوسۆزی حكومەت و گەلی كوردستانی بە حكومەت و گەلی چین گەیاند لەرێگای نی رۆچی، كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتەوە لە‌ ھە‌رێمی كوردستان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠٢٠ قوباد تاڵەبانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران سەردانی كونسوڵخانەی گشتی كۆماری چین ـ ی كرد و هاوسۆزی حكومەت و گەلی كوردستانی بە حكومەت و گەلی چین گەیاند لەرێگای كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتەوە لەهەرێمی كوردستان و ستایشی ھە‌وڵە‌كانیانی كرد بۆ كۆنترۆڵكردن و لەناوبردنی نەخۆشی كۆرۆنا.

لە کۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند بە هاوکاری و هاوسۆزی نێودەوڵەتی، جیهان دەتوانێت بەسەر ئەم نەخۆشیەدا زاڵ بێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران باسی لە رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ خۆپارێزی و پێشگرتن لە ڤایرۆسەکە، لەوانە راگرتنی دەوامی خوێندنگاکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا.

ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئەزمونی کۆماری چین بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە.

لە کۆبوونەوەکەدا نی رۆچی، کۆنسوڵی گشتی چین، سوپاسی هاوسۆزی و پشتیوانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەوردی تیشکی خستەسەر شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئامادەکارییە پێشوەختەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەگرنگ لەقەڵەمدا و ستایشی كرد.