Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كونسوڵانی ئەمەریكا و ژاپۆن كۆبووەوە و لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیاش پەیوەندییەكی ئەنجامدا

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی حكومە‌تی هەرێمی بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە‌بارەی‌ كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان، پشت بە‌ست بە‌ دەستوری هەمیشەیی عێراق راگەیاند.

هه‌ولێر، هه‌رێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئە‌نجومە‌نی وەزیران، لە دوو دیداری جیادا، ئەمڕۆ ٢٨ تەمموزی ٢٠٢٠، پێشوازی لە کونسوڵی نوێی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كرد و پێكەوە كۆمەڵێك پرسی هاوبەشیان تاوتوێكرد، هەروەها بەتەلەفۆنیش لەگەڵ كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر گفتوگۆی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ ڕۆبرت والێر، كونسوڵی نوێی ئەمەریكا دوا پەرەسەندنی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و دوا پێشهاتی سیاسی عێراق، خرانە بەرباس، هەروەها هەردوولا لەسەر پەیوەندی درێژخایەنی هەرێمی كوردستان و ویلایە‌تە‌ یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵوێستەیان كرد، جەختیشیان لە پێویستیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس لە گفتوگۆكانی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كرا، قوباد تاڵەبانی، ئامادەیی حكومە‌تی هەرێمی كوردستانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، لەسەر بنەمای دەستوری هەمیشەیی عێراق، بۆ چارە‌سە‌ری ریشە‌یی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان دووپات كرده‌وه‌. كونسوڵی ئەمەریكاش لە هەرێم، گرنگیدانی وڵاتەكه‌ی بەم دۆسیەیە روونكردەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیری درێژخایەن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.

لە دیدارێكی دیکەدا، هەر ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ ناگایاما یۆشینكۆ، كونسوڵی نوێی ژاپۆن، باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێم وڵاتی ژاپۆنیان كرد لە بوارەكانی ئابووری و تەكنەلۆژیا لەگەڵ چۆنییەتی برە‌ودان بە‌پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوولا.

لەلایەكی ترەوە ئێوارەی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، ئەنجامدا لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوولا. لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەدا رەوشی هەنوكەیی كوردستان و عێراق و كۆمەڵێك پرسی جێگە بایەخی هەردوولا تاوتوێ كران.