Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی ‌‌سە‌ردانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگە‌ی كرد

• قوباد تاڵە‌بانی: چاكسازی پرۆسە‌یە‌كی بە‌ردە‌وامە و پلانی رێكخستنە‌وە‌ی ھێزە‌كانمان ھە‌یە‌

• جێگری سە‌رۆك وەزیران رایگە‌یاند: ئیرادە‌یە‌كی باش بۆ جێبە‌جێ كردنی پلانی چاكسازی و رێكخستنە‌وە‌ی‌ ھێزە‌كانی پێشمە‌رگە‌ ھە‌یە‌.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٣/٣ قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆك وە‌زیران، سە‌ردانی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمە‌رگە‌ی كرد و لە‌لایە‌ن شۆڕش ئیسماعیل، وە‌زیری كاروباری پێشمە‌رگە‌ و ئە‌فسە‌ر و پلە‌دارە‌كانی وە‌زارە‌تە‌وە‌ پێشوازی لێ كرا.

لە‌كۆبونە‌وە‌یە‌كدا، باس لە‌ ھە‌نگاوە‌كانی چاكسازی وە‌زارە‌تی كاروباری پێشمەرگە و رە‌وشی ئێستای ھە‌رێمی كردستان كرا و ئامادە‌كارییە‌كان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھە‌ر ئە‌گە‌رێكی نە‌خوازراو و ھێرشێكی گریمانكراوی تێرۆریستان تاوتوێ كرا.

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران دە‌ستخۆشی لە‌ھێزە‌كانی پێشمە‌رگە‌ كرد لە‌پای راپە‌ڕاندنی كارە‌كانیان بەباشی و پاراستنی ماف و ژیانی ھاوڵاتیان و راشیگە‌یاند: لە‌ ھە‌موو قۆناغە‌كان پیویستمان بە‌ ھێزێكی تۆكمەو لێوەشاوەیە، لە‌ ئێستاشدا دە‌بێت زۆر بە‌ ئاگابین لە‌ پلانی تێرۆریستان و لە ئەگەری زەفەرهێنانیان و وتیشی" متمانە‌ی تە‌واومان بە‌ توانای ھێزە‌كانمان هەیە، دە‌ستخۆشیتان لێ دە‌كە‌ین و ئێمە‌ ھە‌میشە‌ پاڵپشت و ھاوكارتانین".

سە‌بارە‌ت بە‌ چاكسازییە‌كانی وە‌زارە‌ت، قوباد تاڵە‌بانی وتی" چۆن لە‌ كابینە‌ی پێشوو دە‌ستمان بە‌ چاكسازی كرد، لەم كابینە‌یە‌ی ئێستاش بە‌ردە‌وام دە‌بین و لە‌ كابینە‌ی داھاتووش هەر درێژەی دەبێت، چونكە‌ چاكسازی پرۆسە‌یە‌كی بە‌ردە‌وامە‌".

جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی پاڵپشتی‌ ھێزی ھاوپە‌یمانانی كرد و وتی" ئە‌وان چاویان لە‌وە‌یە‌ ھە‌نگاوە‌كانی چاكسازی جێبە‌جێ بكە‌ین و ھێزە‌كە‌مان ھێزێكی نێشتمانی رێكخراو بێت".

ھە‌رلە‌وبارە‌یە‌وە‌ قوباد تاڵەبانی گە‌شبینی خۆی نیشاندا لە‌ گە‌یشتن بە‌ ئامانجە‌كانی چاكسازی و متمانەی خۆی دووپات كردەوە بۆ توانای وە‌زیری پێشمە‌رگە‌ و بە‌رپرسانیتری پێشمە‌رگە‌ لەجێبەجێكردنی پرۆسەكە‌ بەتایبەت كە ئێستا پلان و ئیرادە‌یە‌كی بە‌ھێز ھە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی ھە‌نگاوە‌كان بە‌باشی تێپە‌ڕن.

لە‌بە‌شێكی تری قسە‌كانیدا قوباد تاڵە‌بانی بە‌ بە‌رپرسانی وە‌زارە‌تی پێشمە‌رگە‌ی راگە‌یاند: كە‌ پێشمە‌رگە‌ ھێزێكە‌ بۆ پاراستنی گشت ھاوڵاتییان بۆیە‌ دە‌بێت نیشتمانییانە‌ بیر بكە‌ینە‌وە‌ و ئامانجی سە‌رە‌كیمان پاراستنی سە‌روماڵی ھە‌موو كوردستانییان و خزمەتكردنیان بێت بەبێ جیاوازی.

لەلای خۆشییەوە، وە‌زیری كاروباری پێشمە‌رگە‌ سوپاسی جێگری سە‌رۆك وە‌زیرانی كرد كە‌ ھە‌میشە‌ پاڵپشت و ھاوكار بووە‌ بۆ پێشمە‌رگە‌ و جێبە‌جێ كردنی ھە‌نگاوە‌كانی چاكسازی و ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌ خزمە‌تكردن وپاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان.