Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لە‌گە‌ڵ پارێزگاری سلێمانی و لایە‌نە‌كانی پە‌یوە‌ست بە‌ پاراستنی ھاوڵاتیان لە‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووە‌

• جێگری سەرۆک وەزیران نە‌خۆشخانە‌ی «ئاسا»ی بە‌سە‌ركردە‌وە‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە‌چوارچێوە‌ی كۆبوونە‌وە‌ و ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونە‌وە‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئە‌مڕۆ ٨ی ئادار، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی دكتۆر ھە‌ڤاڵ ئە‌بوبە‌كر پارێزگاری سلێمانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی ئامادەکارییەکانی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی و فەمانبەرانی کەرتی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان‌ کرد بۆ ئەو رێوشوێنانەی گرتوویانەتەبەر و رایگەیاند: حکومەتی هەرێم لەپێناو پێشگرتن لە زیاتر بڵاو‌بوونە‌وە‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا پشتگیریی تەواوی ھە‌وڵ و پلانە‌كانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست‌ دەکات.

ھە‌روە‌ھا داوایکرد بە‌ردە‌وام بن لە‌ جێبە‌جێ كردنی رێوشوێنە‌كان بۆ باشتر کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان و پاراستنی ژیانی ھاوڵاتییان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەکە لە بەڕێزان هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە وردی تیشکیان خستەسەر ھە‌نگاوە‌كانی داھاتوو بۆ پێشگرتن لە‌ تە‌شە‌نە‌‌سە‌ندنی زیاتری ئە‌و ڤایرۆسە‌ و داوایانکرد حکومەت زیاتر ھاوكاریان بێت لە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان کە جێگری سەرۆک وەزیران دڵنیای کردنەوە حکومەتی هەرێم درێخی ناکات لە دابینکردنی پێداویستییەكان.

لە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، قوباد تاڵەبانی نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بە کۆرۆنای بەسەر کردەوە کە لەلایەن دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و ژمارەیەک سەرمایەداری سلێمانی دروست دەکرێت و سوپاس و دەستخۆشی لە هەموو ئەو کەسانەی کرد کە یارمەتیدەربوون لە دروستکردنی نەخۆشخانەکە.