Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جێنین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند لەپێناو تەندروستی هاوڵاتیان، حکومەتی هەرێم هەر رێوشوێنێک پێویست بێت دەیگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ١٦ ئاداری ٢٠٢٠ لە هەولێر بەڕێوەچوو و نوێنەری رێکخراوی تەندروستیش تێیدا بەشدار بوو ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنای بۆ شاندنی میوان روونکردەوە و گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی کە بە هاوکاری خەڵک و حکومەت، هەرێمی کوردستان بتوانێت بە کەمترین زیان ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەشدا پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان لە ریزی پێشەوەی ئەرکەکانی حکومەتە و لەمبارەیەوە هەر ڕێوشوێنێک پێویست بكات ئەیگرێتە بەر.

نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆبوونەوەکەدا پشتگیری خۆیان بۆ هەنگاوەكانی حکومەتی هەرێم دەربڕی و هیوایان خواست بەم هەوڵانە هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا بەسەر پەتای کۆرۆنادا زاڵ بێت.