Skip to the content

لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری 16 هەزار مووچەی نایاسایی رادەگرێت

• لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری: زیاتر لە‌ 16 ھە‌زار كە‌س لە‌ مووچە‌یە‌ك زیاتر بە نایاسایی وە‌ردە‌گرن، و بڕیاری راگرتنی مووچە‌كانیان دە‌دات‌.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئە‌مڕۆ سێ شە‌ممە‌ 2020/11/3، لیژنە‌ی باڵای جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی بایۆمە‌تری بە‌سە‌رپە‌رشتیی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و ئامادە‌بوونی وە‌زیری دارایی و ئابوری، كۆبوونەوە‌ی ژمارە دووی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، پشتبەست بەئامار و داتاکانی بایۆمەتری، راپۆرتێکیان لەبارەی فرە‌مووچە‌یی پێشکەش کرد، بە‌پێی ئە‌و راپۆرتە 106 هەزار و 839 كەس لە‌ یە‌ك مووچە‌ زیاتر وە‌ردە‌گرن کە زۆربەیان بەپێی یاسا رێکخراون.

پاش بە‌دواداچوون بۆ دۆسیە‌ی ئە‌و مووچەخۆرانە،‌ دە‌ركە‌وت 16 هەزار و 505 کەس، لە‌یە‌ك مووچە‌ زیاتر بە‌ نایاسایی وەردەگرن، بۆیە‌ لیژنە‌ی باڵا، لە چوارچیوەی یاسای چاکسازیدا، وە‌زارە‌تی دارایی و ئابوری راسپارد بۆ‌ راگرتنی مووچە‌ی داهاتوویان لەگەڵ پاراستنی مافی ئەو کەسانە بۆ تانەدان (طعن) لەم بڕیارە، ماوەی مانگێکیش دیاریکرا بۆ سەرلەنوی پێداچوونەوەی دۆسییەکانیان.