Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ 2020/10/6 بە بەشداری ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەرە كرا، لەوانەش دۆخی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا.

لای خۆیەوە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان.

قوباد تاڵەبانی ستایشی هاوكارییە ئەمنییەكانی ئەمەریكای كرد بۆ عێراق و هەرێمی كورستان، بەرنامەی چاكسازی حكومەتی هەرێمیشی بۆ شاندی میوان ڕوونكردەوە، هەروەها تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتی گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەغدا.

جێگری سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کردەوە بەپێی رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بنەمای بڕگە و مادەكانی دەستور.