Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جەیمس جێفری کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و دانوستانەكانی هەولێر و بەغدای تاوتوێ كرد.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بەڕێوەچوو قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، تاوتوێی دۆخی سوریا و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڕێكخراوی داعشی لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق كرد، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕەوی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٠ی عێراق و ڕەوتی دانووستانەکانی هەولێر و بەغدا کرا كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و گەیشتنە بە رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن.