Skip to the content

قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە شاندێكی ئابوری فەڕەنسا كرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە شاندێكی فەڕەنسی بەسەرۆكایەتی فرانسیۆس دی ریكۆفیس بەرپرسی بەشی ئابووری باڵیۆزخانەكانی فەرەنسا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


لە دیدارێكدا ئەمڕۆ 14 نیسان (ئەپریل) ی 2021 لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لەپاش پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی گفتوگۆیان كرد.


لای خۆیەوە جێگری سەرۆك وەزیران پلانەكانی حكومەتی هەرێم و هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی ڕۆتینی بۆ شاندەكە ڕوونكردەوە، ئەوانیش ئامادەیی فەڕەنسایان پیشاندا بۆ بەرزكردنەوەی توانا و لێهاتوویی كارمەندانی حكومەتی هەرێم لەبوارەكانی رێكخستنی باج و راپەڕاندنی كاروبارەكان بەشێوەی باشتر بەتایبەت لە بوارەكانی ژمێریاری و دارایی لەڕێگای كردنەوەی خولی تایبەت و ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییەوە.


شاندەكەی فەرەنسا جگە لەكونسوڵی گشتی لەهەرێم، بەرپرسانی بەشی ئابووری لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە بەغدا و كۆنسوڵخانەی فەڕەنسا تێیدا بەشدار بوون و ستایشی هەوڵەكانی شاندی حكومەتی هەرێمیان كرد بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی بودجە لەگەڵ بەغدا و ئامادەییان پیشاندا بۆ پاڵپشتیكردنی زیاتر نزیككردنەوەی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەغدا لەبارەی كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەردوولا.