Skip to the content

قوباد تاڵەبانی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی تایبە‌ت بە‌ پێداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی رسومات ئە‌نجامدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- جێگری سەرۆک وەزیران رایگە‌یاند: دەبێت وەرگرتنی رسومات بە شێوەیەک رێکبخرێتەوە کە یارمەتیدەری جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕ بێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەمە ٢٥ی ئابی ٢٠٢١ لە هەولێر كۆبونە‌وە‌یە‌كی لە‌بارە‌ی پێداچوونەوەی رسومات ئە‌نجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا میکانیزمێكی گونجاوتر دیاری بكرێت بۆ رێکخستنەوەی رسومات.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە كە‌ دەبێت وەرگرتنی رسومات بە شێوەیەک رێک بخرێتەوە کە نەبێتە هۆی سست بوونی جموجوڵی بازرگانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە یارمەتیدەری جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕبێت. باسی لەوەشکرد کە پێویستە لە دامودەزگاکانی حکومەت رۆتین کەم بکرێتەوە و کارئاسانی تەواو بۆ هاوڵاتیان بکرێت.

ھە‌ر لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێك لەسەر میکانیزمی رێکخستنەوەی رسومات خرایە‌ڕوو و لەمبارەیەشەوە بڕیاری پێویست درا.