Skip to the content

قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات جەخت لە چاکسازیکردن کرایەوە و چەند بڕیارێکیش دران

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکخستنەوەی کارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بە گرنگی وەزارەتەکەدا و داوای کرد پەرە بە چاکسازییەکانی ئەو وەزارەتە بدرێت و سزای گەندەڵکاران بدرێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ ٢٥\٨ لەهەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیری پلان دانان و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکان و رێکخستنەوەی کار و پلانەکانی وەزارەتی کار و کاروبارەکانی کۆمەڵایەتی ئەنجامدا.

لەتەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی رێکخستنەوەی پرۆسەی هاتنی کارمەندان و کرێکارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاردرا کار لەسەر ئەوە بکرێت کە هەموو کارمەندان و کرێکارانی بیانی هاتوو لە داتابەیسێکی تایبەتدا تۆمار بکرێن. هەروەها بڕیار درا پرۆسەی پێدانی ڤیزە جیا بکرێتەوە لە پرۆسەی پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون و رێکتربخرێتەوە لە نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆ و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم.

هەر لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کەدەبێت گەندەڵییەکانی پەیوەست بەهاتنی کارمەند و کرێکارانی بیانی وپێدانی ڤیزەو مۆڵەتی نیشتەجێ بوون بنبڕ بکرێن و سزای یاسایی تووندی گەندەڵکارانی ئەم پرسە بدرێت.

هەروەها کۆبوونەوە بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێت بە سەرۆکایەتی وەزارەتی پلان دانان بۆ پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی هاتنی کارمەند و کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و رێگریش بکرێت لە هاتنی نایاسایی و ئەوانەشی بە یاسایی دێن لە داتابەیسێکی تایبەتدا تۆمار بکرێن.

لەبارەی دەستەبەری

کۆمەڵایەتی، قوباد تاڵەبانی وتی" دەبێت کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت مافیان پارێزراو بێت و داتاو زانیاری تۆمارکراویش لای حکومەت هەبێت ‌".

هەروەها کۆبوونەوە بڕیاری-دا؛ پەلە بکرێت لە پە‌سە‌ند كردنی یاسای كار و ھە‌مواركردنە‌وە‌ی یاسای خانە‌نشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.