Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کۆبوونەوە

جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران داوایکرد؛ کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵى خۆیان ببینن لەپرۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى کوردستان لەڕێى زیاترکردنی وەبەرهێنانەوە.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ عەلى رەزا گونەى باڵیۆزی تورکیا لەعێراق ئەمڕۆ 21ى دیسەمبەرى 2021، لە‌ھە‌ولێر کۆبوە‌ووە‌ و لەو کۆبوونەوەیەدا كە‌ هاکان راچاى کونسوڵى گشتی تورکیا لەهەرێم ئامادە‌ی بوو، دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە خرایە بەر باس، هەردوولا بەگرنگیان زانی کەئاڕاستەى گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت لەرێى دیالۆگى بنیاتنەرەوە ئەنجام بدرێت لەپێناو هێنانەکایەى حکومەتێکی خزمەتگوزار بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی.

هەڕەشە و مە‌ترسییە‌كانی داعش تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو کە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەى پێویستە پلانی ئەمنی تۆکمەتر دابڕێژرێت تا بوار نەهێڵێتەوە بۆ دزەکردنی تێرۆریستانی داعش لێوەى، لەپێناو پاراستنی ئارامى ناوچەکەدا.

لەدوایین تەوەری کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا و جەخت کرایەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە لەرووى سیاسی و ئابورییەوە لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆمپانیاکانی تورکیا رۆڵى خۆیان ببینن لەپرۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابورى کوردستاندا لەرێى زیاترکردنی وەبەرهێنانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: کە هاوکارى و کارئاسانی پێویست پێشکەش دەکەن بۆ ئەو کۆمپانیایانە.