Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و كونسوڵی ئەرمینیا لەسەر كۆمەڵێك پڕۆژە رێككەوتن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، پێشوازیی لە ئارشاک مانوکیان، كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان کرد و پێكەوە چەند پرۆژەیەكی هاوبەشیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ (22 شوباتی 2021) كە لەهەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە چەند پرۆژەیەكی هاوبەشی زانستی و كلتوری كرد، لەوانەش واژۆكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان دامەزراوە زانستییەكانی ئەرمینیا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و پسپۆڕی.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان و فراوانكردنی مۆزەخانەی جینۆسایدی هەڵەبجە كرا، بەتایبەت كە ئەرمینیا ئامادەیی دەربڕیوە لەو پڕۆژەیە هاوكار بێت.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی كوردستان، لەم میانەیەشدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی پێشنیاری ئەرمینیای كرد بۆ ڕەوانەكردنی پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی چاو بەبێ بەرامبەر بۆ بینینی و چارەسەركردنی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان.