Skip to the content

وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ ڕەوتی سەدر كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3 شوباتی 2021، لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتیی نەسار ئەلڕوبەیعی لە بەغدا كۆبووەوە و پێكەوە تاوتوێی دوا پێشهاتی گفتوگۆكانی بودجەی 2021 عێراقیان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 و زاڵبوون بەسەریاندا لەڕێگەی دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ یاسا و دەستوور کرایەوە.

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆی بە چارەسەرە یاسایی و دەستوورییەكان دووپات كردەوە و دیدگای خۆی لەبارەی پرسەكانی ناو بودجەوە لە كۆبوونەوەكەدا خستەڕوو.

لای خۆشییەوە، سەرۆكی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر، جەختی لە دانانی چارەسەری ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كردەوە، باسی لەوەشكرد سەدرییەکان لەسەر بنەمای دادگەری پشتیوانی لە پاراستنی مافەكانی هەموو لایەک دەكەین.