Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی ئە‌منی كرد

جێگری سەرۆك وەزیران ئە‌ژی ئە‌مینی وە‌ك سە‌رۆكی دە‌زگای زانیاری ناساند‌.


هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یە‌ك شە‌ممە‌ 11ی تەمموز (یولیۆی) 2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ دە‌باشان سە‌رپە‌رشتی كۆبوونە‌وە‌یە‌كی ئە‌منی كرد و ئە‌ژی ئە‌مینی وە‌ك سە‌رۆكی دە‌زگای زانیاری ناساند‌.

لەكۆبوونە‌وە‌كەدا‌ ، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران داوای لە‌ لایە‌نە‌ ئە‌منییە‌كان كرد ‌ ئە‌ركی خۆیان بە تەواوی جێبەجێ بكەن و بەر‌دە‌وام بن لە‌ پاراستنی ئارامی و ئە‌و ھە‌ماھە‌نگییە‌ی كە‌ ھە‌یە‌ پتە‌وتر بێت و بە‌ردە‌وامی پێبدە‌ن.

جەختی لەوەش كردەوە ‌ئە‌و لایە‌نە‌ ئە‌منییانە‌ نابێت بە‌ھیچ شێوە‌یە‌ك دە‌ستوە‌ردە‌نە‌ كاروباری سیاسی بە‌ڵكو دە‌بێت دڵنیایی بە‌ھاوڵاتییان بدە‌ن لە‌ سە‌قامگیری و ئارامی.

شیاوی باسە لە‌م كۆبوونە‌وە‌یەدا‌، وە‌زیری كاروباری پێشمە‌رگە‌ و سەرۆکی دە‌زگای ئاسایش و بریكاری وە‌زیری ناوخۆ و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بە‌رێوبە‌ری پۆلیسی سلێمانی و فە‌رماندە‌ی لیوای پاراستنی سلێمانی ئامادە‌ بوون.