Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بازرگانان دڵنیا دەكاتەوە: كێبەركێ دەستەبەردەكەین و دەستوەردان بنەبڕ دەكەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و رایگە‌یاند: لەمەولا بازاڕ ئازادتر دە‌بێت و كێبەركێی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دە‌كە‌ین.
لە کۆبوونەوەکە كە ‌ ئە‌مڕۆ (١٤ تەموزی ٢٠٢١) لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە گرنگی كە‌رتی تایبە‌ت كرد و ڕایگەیاند: حكومە‌ت كارئاسانی دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی كە‌رتی تایبە‌ت بە‌ھێزتر بێت و ھاوكاربێت لە‌گە‌ڵ كە‌رتی گشتی لە‌ ڕە‌خساندنی ھە‌لی كار و بووژاندنە‌وە‌ی ژێرخانی ئابوری.
وتیشی: چیتر ھیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان بکات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات، ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا ‌ ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانە‌ و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھە‌ر بابە‌تێكی تر بە دوور بگرن.
لە‌بە‌شێكی تری قسە‌كانیدا قوباد تاڵە‌بانی باسی لەوە کرد کە دە‌بێت فە‌رمانگە‌كانی حكومە‌ت كارئاسانی بكە‌ن لە‌پێناو ڕاییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دە‌كە‌ن و كێبڕكێیە‌كی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەر دە‌كە‌ن.
ھە‌روە‌ھا ئاماژە‌ی بە‌كە‌مكردنە‌وە‌ی ڕۆتین كرد و پلانی حكومە‌تی بۆ نە‌ھێشتنی رۆتین لە‌ڕایی كردنی كاروباری بازرگانان و ھاوڵاتیان بە‌شێوە‌یە‌كی گشتی ڕوونکردەوە و وتیشی دە‌سە‌ڵاتە‌كان شۆڕدە‌كرێتە‌وە‌ بۆ پارێزگا و بە‌ڕێوبە‌رایە‌تییە‌كان بۆ ئە‌وە‌ی رۆتین كە‌مبكرێتە‌وە‌ و باشتر خزمە‌تی ھاوڵاتیان بكرێت.