Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی وەزارەتی ناوخۆ كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەیاوەری لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەرێوبەرایەتییەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لە سلێمانی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ ( 14 تەمموزی 2021) قوباد تاڵەبانی، هەریەك لە مامۆستا ئەژی ئەمین وە‌ك سە‌رۆكی دە‌زگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی وە‌ك بە‌ڕێوبە‌ری دژە‌ تێرۆر، بەفەرمی بە بەڕێوبەرایەتییەكانی وەزارەتی ناوخۆ ناساند و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێدا بۆ خواستن.

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕوونیكردەوە پێویستە دەزگا ئەمنییەكان هەماهەنگی زیاتر بكەن و چاوكراوەتربن لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەروماڵی هاوڵاتیان و خۆیان بەدووربگرن لە دەستوەردانی سیاسی و پەرەی زیاتر بەتواناكانی خۆیان بدەن لەڕووی پیشەییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی تاوان و دیاردەی دزێو و یاساشكێنی لە كۆمەڵگا.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی گوێبیستی ڕاوسەرنج و پێشنیاری بەرێوبەرەكان بوو، گفتی ئەوەشی پێدان پاڵپشتیان دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان.