Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان پەرەپێدانی وەرزشی تاوتوێ کرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان و پێکەوە چۆنییەتی پەرەپێدانی توانا وەرزشییەکان و رێکخستنەوەی کەرتی وەرزشی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 6 تەموز (یولیۆی) 2021 قوباد تاڵەبانی جەختی لە دەرکردنی یاسایەک کردەوە بۆ ڕێکخستنی کاروباری وەرزش و پشتیوانی خۆی و حکومەتی هەرێمیشی بۆ ئەم هەنگاوە دربڕی لە پێناو ئەوەی ماف و ئەرکی وەرزشەوانان روون بێت و چوارچێوەیەک بۆ کارە وەرزشی دیاری بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان هەماهەنگی زیاتر بکەن لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و پێکەوە کاربکەن بۆ بەهێزکردن و بونیادنانەوەی ژێرخانی وەرزش و دروستکردنی پاڵەوان و ئەستێرەی وەرزشی کورد لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی سەلاح حەسەن و ئەندامانی تری لیژنە سەرنج و داواکاریی خۆیان خستە بەردەم جێگری سەرۆک وەزیران و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی بەدواداچوون و کار لەسەرکردنی پێدان و دڵنیای کردنەوە لەوەی گرنگیدان بە وەرزش لە پێشینەی کارەکانیانە.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی دێت لە چەند ڕۆژی پێشوو لەگەڵ رەعد حمودی سەرۆکی لیژنەی ئۆلۆمپی عێراق و تێیدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی کەرتی وەرزشی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد و قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتری نێوان لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان و عێراق بۆ پێشخستن و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی وەرزش لە هەرێمی کوردستان.