Skip to the content

قوباد تاڵەبانى فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەسەركردەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان سەردانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى کرد و لەلایەن وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حکومەتى هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتى فڕۆکەخانەوە پێشوازى لێکرا.

لە سەردانەكەیدا ئەمڕۆ 8 حوزەیران (یونیۆی) 2021 جێگرى سەرۆک وەزیران، چەند بەشێکى فڕۆکەخانەى بەسەرکردەوە، دواتر بە ئامادەبوونى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرى گشتى فڕۆکەخانە، لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوانى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتى و بەش و بنکەکانى ناو فڕۆکەخانە کۆبووەوە.

لە کۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانى سوپاسى بەڕێوەبەرى گشتى فڕۆکەخانە و ستافەکەى کرد، کە سەرەڕاى قەیرانى دارایى و بارودۆخى کۆرۆنا، توانیویانە دڵسۆزانە برەو بە پێشکەوتنى فڕۆکەخانە بدەن.

لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگرى سەرۆک وەزیران، پشتیوانى حکومەتى هەرێمی بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى دەربڕى و داواى بەردەوامى لێکردن لە پێشکەوتن وخزمەتکردنى زیاترى گەشتیاران.