Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بۆ پارێزگاری دهۆك: بەم نزیكانە دەسەڵاتەكان شۆڕ دەكرێنەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و لەلایەن پارێزگار و بەرپرسانی ئیداری دهۆكەوە پێشوازی لێكرا و لەبارەی خزمەتگوزارییەكان و كێشەكانی پارێزگاكە گفتوگۆیان كرد.

قوباد تاڵەبانی، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك و بەرپرسانی تری ئیداری پارێزگاكە، ئەمڕۆ 20 حوزەیران (یونیۆی) 2021 لەبارەی كێشە‌و گرفتە‌ ئیدارییە‌كان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە چوارچێوەی لا مەركەزییەت و باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان گفتوگۆیان كرد.

لە‌بارە‌ی كێشە‌ ئیدارییە‌كانە‌وە‌، جێگری سەرۆك وەزیران پێی ڕاگەیاندن "بەم نزیكانە دە‌سە‌ڵاتە‌كان شۆڕ دە‌كرێنە‌وە‌ بۆ پارێزگار و بەرێوبەرایەتییە گشتییەكان بۆ ئە‌وە‌ی بتوانن زووتر و باشتر خزمە‌تی ھاوڵاتیان بكە‌ن". لای خۆشییەوە پارێزگاری دهۆك جەختیكردەوە كە‌ "بەشێك لە كێشە ئیدارییەكانیان بە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانیان چارەسەر دەبن و ئە‌مە‌ش ھە‌نگاوێكی گرنگە‌".

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە‌ كێشە‌ و گرفتە‌كانی پارێزگاكە‌ كرا و چۆنییە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان تاوتوێ كرا. پارێزگار و بە‌رپرسانی ئیدارەی دھۆك چە‌ند داواكارییە‌كیان خستە‌ بە‌ردە‌م جێگری سە‌رۆك وە‌زیران كە‌ پە‌یوە‌ستن بە‌ خزمە‌تگوزاری و كێشەكانی وشكەساڵییەوە، لای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی-دا حكومەتی هەرێم كار لەسەر چارەسەركردنیان بكات.

ھە‌روە‌ھا قوباد تاڵەبانی ستایشی ئیدارە و خەڵكی خۆڕاگر و میواندۆستی دهۆكی كرد كە لەپاش 2014 بارگرانی زۆر كەوتووەتە سەرشانیان بەهۆی شەپۆلەكانی ئاوارەبوون و شەڕی تیرۆریستانی داعش.