Skip to the content

قوباد تاڵەبانی زانکۆی کاسۆلیکی بەسەر کردەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەردانی زانکۆی کاسۆلیکی کرد لە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکایەتی زانکۆکە و ژمارەیەک لە خوێندکاران گفتوگۆی کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 15 حوزەیرانی (یونیۆی) 2021 لەگەڵ مەتران بەشار وەردە سەرۆکی زانکۆکە، و ستافی ئەکادیمی بەڕێوەچوو ، جێگری سەرۆک وەزیران، ستایشی هەوڵەکانی کردن بۆ هاندانی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەو شوێنکەوتەی ئاینە جیاجیاکان بەتایبەت کە پێکهاتەکانی کوردستان بەئەزموونی تاڵی هەوڵی قڕکردندا گوزەریان کردووە.

لە سەردانەکەدا کە وەزیری خوێندنی باڵا و تیمێکی نوسینگە‌ی جێگری سەرۆک وەزیران بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی بەشەکانی زانکۆکەی بەسەر کردەوە و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی بۆ کارە زانستییەکانیان دووپات کردەوە و هانی دان گرنگی زیاتر بە زمانی ئینگلیزی و زانستە ئابووری و پیشەییەکان و کلتوری فرەیی بدەن.

لە کۆتایی سەردانەکەدا قوباد تاڵەبانی گفتوگۆیەکی کراوەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە خوێندکارانی جیاجیای زانکۆکە کرد و باسی لەوەکرد لە کۆتاییدا ئەوەی پاڵپشتیان دەبێت تەنها بڕوانامەکانیان نییە، بەڵکە ئەزموون و فێربوونیانە و، ڕاشیگەیاند حکومەت پلانی هەیە پێداچوونەوە بکات بە بەرنامەکانی خوێندنی باڵا بەتایبەت ناردنە دەرەوەی خوێندکاران.