Skip to the content

قوباد تاڵەبانی سەردانی ئاسایشی سلێمانی كرد

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی سەردانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كرد و پاش كۆبوونەوە لەگەڵ د.خەسرەو گوڵ محەمەد، سە‌رۆكی دە‌زگای ئاسايش، لەگەڵ بە‌ڕێوبە‌ری نوێی ئاسايشى پارێزگاى سليمانى و كارمەندانی بەرێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ی حوزەیران (یونیۆی) ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سەرەتا لە نزیكەوە پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەرێوەبەری نوێی ئاسايشى پارێزگاى سليمانى كرد، هەروەها ستایشی هەوڵەكانی ئەم دەزگایە و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی تری كرد لە پاراستنی ئارامی هەرێمی كوردستان و شاری سلێمانی بەتایبەتی.

جێگری سەرۆك وەزیران ئەوەشی ڕوونكردەوە هەموو هەنگاوێك بۆ ئاوەدانی و خزمەت بەبێ بەرقەراركردنی ئارامی سەركەوتوو نابێت و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و هەستكردنیان بە ئۆقرەیی كاری لە پێشینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

بە‌ڕێوبە‌ری ئاسایشى پارێزگای سليمانى و گەورە ئەفسەران لای خۆیانەوە سەرنج و بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی كارەكانیان خستەڕوو بۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەویش بەبایەخەوە گوێبیستیان بوو.