Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: كار لە‌سە‌ر بە‌ھێزكردنی كە‌رتی تایبە‌ت و شە‌فافتركردنی پرۆسە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھاتە‌كان دە‌كە‌ین‌

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆک وەزیران بە‌ بە‌ڕێوبە‌ری گومرگە‌كانی ڕاگەیاند،‌ دە‌بێت كار لە‌سە‌ر چالاكتركردن و ڕێكخستنی جوڵە‌ی بازرگانی بكە‌ن بە‌ مە‌بە‌ستی زیادكردن و ھە‌مە‌جۆركردنی داھات.

قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆك وە‌زیران، بە‌ ئامادە‌بوونی وە‌زیری دارایی و ئابوری، و سە‌رۆكی دیوانی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، ئەمڕۆ سێشەممە 15 حوزەیران (یونیۆی) 2021 لە‌گە‌ڵ بە‌ڕێوبە‌رانی گومرگە‌كانی‌ ھە‌رێمی كوردستان و بانكە‌ بازرگانییە‌كان كۆبووەوە.

لە ‌كۆبوونە‌وە‌كە‌دا گفتوگۆ كرا لە‌بارە‌ی چاكسازی کردن لە‌ پرسی ڕێکخستنەوەی كارە‌كانی گومرگە‌كان و دە‌روازە‌ سنورییە‌كان و كە‌مكردنە‌وە‌ی رۆتین بە‌ مە‌بە‌ستی زیادكردن و ھە‌مە‌جۆركردنی داھاتی دارایی و چالاكتركردنی جوڵە‌ی بازرگانی.

جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە كرد بە‌ھێزكردنی كە‌رتی تایبە‌ت و ھە‌مە‌جۆركردنی داھات یە‌كێكە‌ لە‌ کارە لەپێشینەکانمان و دە‌بێت ئاسانكاری بكرێت بە‌تایبە‌ت لە‌پرسی نە‌ھێشتنی رۆتین بۆ ئە‌وە‌ی جوڵە‌ی بازرگانی چالاكتر بێت.

ھە‌روە‌ھا جە‌ختی لە‌وە‌ كردە‌وە‌ ‌ بە‌ ئە‌لیکترۆنیکردنی كاروبار و مامە‌ڵە‌كان لە‌ دە‌روازە‌ سنورییە‌كان ھۆكارێكە‌ بۆ‌ باشتر خزمە‌تكردن و نە‌ھێشتنی ڕۆتینە و شە‌فافتركردنی پرۆسە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی داھاتە‌‌، بۆیە‌ دە‌بێت بە‌ردە‌وام كاری پێ بكرێت.

ھە‌ر لە‌و كۆبوونە‌وە‌یە‌دا ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا دوای دیاریكردن و خاڵبە‌ندیكردنی ھە‌رگرفتێك كە‌ رووبە‌رووی كاروباری گومرگە‌كان دە‌بێتە‌وە، دە‌بێت چارە‌سە‌ری بۆ دابڕێژرێت و لەمەشدا حكومە‌ت ھاوكاریان دە‌بێت.

دواتر بە‌ڕێوبە‌ری گشتی گومركی ھە‌رێم راپۆرتێكی خستە‌ڕوو لە‌بارە‌ی پلانە‌كانیان و بڕی داھاتی دارایی لە‌ماوە‌ی رابردوو، هەروەها گرفت و لە‌مپە‌رە‌كانی جوڵە‌ی بازرگانی لە‌ دە‌روازە‌ سنورییە‌كانی ڕوونکردەوە و ئاماژە‌ی بە‌ چارە‌سە‌رە‌ گونجاوەکانیش- دا كە‌ كاریان لە‌سە‌ر دە‌كرێت.