Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆز و كونسوڵی بەریتانیا كۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە ستیفن هیكی باڵیۆز و جیمس تورنتن كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و لەبارەی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی عێراق و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق گفتوگۆیان كرد.

لە دانیشتنێكدا كە تایبەت بوو بە ماڵئاواییكردن لە لە باڵیۆز و كونسوڵی بەریتانیا ئەمڕۆ 23 حوزەیران (یونیۆی) 2021 قوباد تاڵەبانی سوپاسی هەردوووكیانی كرد لە هاوكاریكردنی هەمەجۆری هەرێمی كوردستان و پاڵپشتیكردن لە رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و پرۆسەی چاكسازی و هیوای خواست لە قۆناغی داهاتوودا سەركەوتووبن لەكار و ئەركی نوێیان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایەسەر هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی عێراق لە تشرینی یەكەمی داهاتوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئامادەكاری باش بكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و لە سایەیدا حكومەتێك دروست بكرێت كە جێگای متمانەی هەموولا بێت.

شاندی بەریتانیا پشتیوانی خۆی بۆ یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكان دووپات كردەوە و پابەندیی وڵاتەكەی خستەڕوو بە پشتیوانیكردن و هاوكاری زیاتری هەرێمی كوردستان.