Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جەیمس تۆرنتن کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٢٩ی حوزەیران (یونیۆی) ٢٠٢١ بە مەبەستی ماڵئاوایی کردنی کۆنسوڵی بەریتانیا بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی کۆنسوڵی کرد کە لە ماوەی دوو ساڵی کارکردنیدا لە هەرێم رۆڵی گرنگی بینیوە لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم لە پرسی ریفۆرم و چاکسازی و بەتایبەتیش لە بواری یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا. هیواشی خواست لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت بە تایبەت کە حکومەتی هەرێم پرۆسەی دروستکردنی حکومەتی ئەلەکترۆنی دەست پێکردووە و لەمەشدا پێویستی بە هاوکاری زیاتری بەریتانیا هەیە.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، کە تیایدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی کۆنسوڵ و حکومەتی بەریتانیادا کە لەماوەی رابردوودا لەلایەکەوە هەوڵی لێکنزیککردنەوەی لایەنەکانی ناوخۆی هەرێمیان داوە و لەلایەکیتریشەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالیشیان کردووە بۆ ئەوەی لەڕێی دانووستانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لە نیەتی حکومەتی هەرێم کە دەیەوێت یاسای بودجە جێبەجێ بکات و ئامادەیی حکومەتیشی دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانیتری نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی دانووستانەوە.

لە تەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد حکومەتی هەرێم سەرقاڵی پرۆسە‌ی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ پارێزگار و قایمقام و بە‌ڕیوبە‌رە‌گشتییە‌كان ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رۆتین و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەیمس تۆرنتن سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد کە لە ماوەی رابردوو پشتیوانێکی باشی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا بووە و ئاماژەی بەوەشدا کە لە داهاتووشدا ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەریتانیا گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.