Skip to the content

قوباد تاڵەبانی ژمارەیەك دامەزراوەی تەندروستی لە سلێمانی بەسەركردەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك خزمەتگوزاری تەندروستی لە شاری سلێمانی بەیاوەری وەزیری تەندروستی و بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی كردەوە.

ئەمڕۆ 13 حوزەیران (یونیۆی) 2021 قوباد تاڵەبانی پاش گەڕانەوەی لە پێنجوێن، نەخۆشخانەی مناڵان و بەشی فریاكەوتنی مناڵانی لە شاری سلێمانی كردەوە، دواتر بەشی چاودێری وردی لە نەخۆشخانەی مناڵبوون كردەوە. لە بەشێكیتری بەسەركردنەوەكانیدا بەشی چاودێری وردی كۆرۆنا (24 تەختی) كردەوە و نەخۆشخانەی هەرس و جگەریشی لە سلێمانی بەسەركردەوە.

لەبارەی ئەم خزمەتگوزارییانەش جێگری سەرۆك وەزیران، سوپاسی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی كرد، لەپای ئەو خزمەتە تەندروستییانەی پێشكەش بە خەڵكی شاری سلێمانی دەكەن و ئەمەشی بە ئەولەوییەتی كاری حكومەت دانا.

جەختی لەوەشكردەوە ژێرخانێكی تەندروستی تاڕادەیەك شیاو بنیاتنراوە بەتایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە سەرجەم ئەو ئامێر و خزمەتگوزارییە نوێیانەش لە نەخۆشخانەكان ئێستا دادەنرێن بۆ نەخۆشییە نوێیەكان دەكرێت لەكات و ساتی جیاجیا بۆ خزمەتی ڕەوشی تەندروستی بەكاربهێنرێن و كەڵكیان لێ وەربگیرێت.