Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی سە‌رپە‌رشتی دووە‌م كۆبوونە‌وە‌ی رووبەرووبونەوەى وشکەساڵى دە‌كات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بە‌مە‌بە‌ستی جێبە‌جێ كردنی پلانی رووبە‌رووبوونە‌وە‌ی وشكە‌ساڵی، بۆردێكی باڵا بە‌سە‌رۆكایە‌تی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پێكھێنرا.

ئە‌مڕۆ چوارشەممە 26/5/2021، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران و ئامادەبونی وە‌زیری كشتوكاڵ و سە‌رچاوە‌كانی ئاو و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان، دووەمین کۆبونەوەی تایبەت بە‌ ڕووبەڕووبونەوەی وشکەساڵی لەهەرێمی کوردستان ئە‌نجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا و لەبەر رۆشنایی بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بەرووبەرووبونەوەى ئەو دیاردەیە، تاوتوێى ئەو کاریگەرییانە کرا کە وشکەساڵى لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا دروستی دەکات، لەمبارەیەوە دكتۆر هەڵۆ عەسکەرى راوێژکارى تایبەتی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران راپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر چۆنێتی رووبەرووبونەوەى وشکەساڵی و کەمکردنەوەى زیانەکانی لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەووردی گفتوگۆکرا دەربارەى چۆنێتی دەستپێکردنی قۆناغەکانی رووبەرووبونەوەى دیاردەى وشکەساڵى، لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران رایگەیاند: دەبێ هەنگاوی بەپەلە بگرینەبەر و بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكی تۆكمە‌ ھە‌بێت‌ بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ھاوڵاتیان.

هاوکات لەکۆبوونەوەکەدا پێداویستییەکانی هەر سێکتەرێک بەپێى ناوچە و پارێزگاکانی هەرێم و میکانیزمەکانی رووبەرووبونەوەى وشکەساڵى خرایەڕوو، لەمبارەیەوە پێشنیازی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ کرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆردێکی سەرەکی بۆ رووبەرووبونەوەى وشکەساڵى بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران و بۆردێکی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکانیش دروست بکرێت.

بڕیاریش درا کە رێکارى پێویست بۆ رێگرى لەبەفیڕۆدانی ئاو لەهەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر.