Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و پلاسخارت دواپێشھاتە‌‌كانیان تاوتوێ كرد

-قوباد تاڵە‌بانی: ‌پێویستە كۆمە‌ڵگەی نێودە‌وڵە‌تی ھاوكار بێت تا هەرێم لە‌سە‌ر رێچكە‌ی دروستی چاكسازی و فراوان كردنی ئازادییە‌كان و بە‌ھاكانی دیموكراسی بێت.

-جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ئامادەبوونی حکومەتی هەرێمی دەربڕى بۆ پابەندبوون بەیاسای بودجەی عێراق.

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شە‌ممە‌ 20 ی ئایار (مایس) ی 2021 ، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران لە‌ھە‌ولێر پێشوازی کرد لەخاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق.

لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لە‌بارە‌ی بارودۆخی ئێستاى عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، سەربارى تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەوبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کەپێویستە پەیوەندییەکی تەندروست و باشتر هەبێت لەنێوانیاندا.

هاوکات جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ئامادەبوونی حکومەتی هەرێمی دەربڕى بۆ پابەندبوون بەیاسای بودجەی عێراق و راشیگەیاند: بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغداد بکەینەوە.

سە‌بارە‌ت بە‌ ھە‌ڵبژاردنە‌كانی داهاتووی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق، هەردوولا ھاوڕابوون كە‌ دە‌بێت پرۆسەیەکی ھە‌ڵبژاردنی بێگە‌رد بەرێوەبچێت و نە‌تە‌وە‌ یە‌كگرتووە‌كانیش رۆڵی خۆی ببینێت لەچاودێریکردنی پرۆسەکەدا.

لە‌بارە‌ی چاكسازییە‌كانی حكومە‌تی ھە‌رێم، جێگری سە‌رۆك وە‌زیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا كە‌ بەردە‌وامن لە‌ ئە‌نجامدانی چاكسازی لە‌سێكتە‌رە‌ جیاوازە‌كان و جە‌ختیكردە‌وە‌ كە‌ پێویستە‌ كۆمە‌ڵگەی نێودە‌وڵە‌تی ھاوكاری ھە‌رێمی کوردستان بکات بۆ ئە‌وە‌ی لە‌سە‌ر رێچكە‌ی دروستی چاكسازی و فراوان كردنی ئازادییە‌كان و بەرجەستەکردنی بە‌ھاكانی دیموكراسی بێت.