Skip to the content

قوباد تاڵە‌بانی كۆگاكانی ژووری بازرگانی سلێمانی بەسەركردەوە

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، سە‌ردانی كۆگاكانی ژووری‌ بازرگانی و‌ پیشەسازی سلێمانی كرد كە‌ دە‌كە‌وێتە‌ نێو پڕۆژە‌ی سلێمانی نوێ كە‌ بە‌ سلێمانی بیست بیست ناسراوە و لە تەواوبوونیدا پێنج هەزار دەرفەتی كار دەڕەخسێنێت‌.

قوباد تاڵەبانی، لە بەسەركردنەوەكەدا ئەمڕۆ (2ی ئەیلولی 2021) دەستخۆشی لە لایەنە جێبەجێکارەکانی پڕۆژەکە کرد کە بەشی زۆری پڕۆژەکەیان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ کردووە و داوایکرد زیاتر کار بکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لەكات و وادەی دیاریكراوی خۆی تەواو بکرێت.

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە باسیان لە گیروگرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکە كرد لەوانەش كێشەی كارەبا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی قسە دەکەن بۆ ئەوەی کێشەی کارەبای پڕۆژەکە بە تەواوی چارەسەر بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە جگە لەوەی سلێمانی دەبێتە سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی لە هەموو عێراق، نزیکەی پێنج هەزار هەلی کاری راستەوخۆش بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین دەکات و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی كە نزیکەی هەموو ئەو کرێکارانەی ئێستا لە پڕۆژەکە کاردەکەن کرێکاری خۆماڵین.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا لە حکومەتی هەرێم بە هەموو توانایانەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی پشتگیری تەواو لە کەرتی تایبەت بکەن بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و تەواوکردنی پڕۆژەکان و جارێکی تر جەختی کردەوە کە لەپێناو بووژانەوەی بازاڕدا چیتر ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرە دەستوەردانێكی لابەلا لە کاروباری بازاڕدا.